کوشتنی سەدام، ڕزگارکردنی سەدامیزم

مەریوان وریا قانع

2023-12-31

حەڤدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ھەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حوسەین لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، بڵاوکرایەوە. دوای بڵاوبونەوەی ھەواڵەکە من لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی ھۆڵەندا میوانبووم بۆ شیکردنەوەی ڕووداوی لە سێدارەدانەکە و ئەگەری گۆڕانکارییەکانی دوای نەمانی ئەو دیکتاتۆرە. ئەو ڕۆژەش کە سەدام حوسەین لە حەشارگەکەی خۆیدا گیرا و سەربازە ئەمریکییەکان بەبەرچاوی کامێراکانەوە ئامێرە پزیشکیەکەیان بەناو دەمی سەدام حوسەیندا دەگەڕاند و ئەمری دەمکردنەوە و دەمداخستینیان بەسەردا دەکرد، دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆن لە ھۆڵەندا میوانبووم و لەسەر ئەو دەستگیرکردنە، قسەمدەکرد.لە ھەردوو ساتەکەدا پێشکەشکارە ھۆڵەندییەکە لێی پرسیم: من وەک یەکێک لە قوربانیەکانی دەستی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، ھەست بە چی دەکەم؟ منیش لە وەڵامدا ووتم ”لە قوڵاییدا ھەست بە ئیھانەکردنێکی گەورە دەکەم“. ڕستەکەم زیاتر شیکردەوە و بە پێشکەشکارەکەم ووت: ”ئەم پیاوە کە ئێستا لە بەردەمی سەربازە ئەمریکیەکاندا بە زەلیلیەوە وەستاوە و ئەو سەربازانە بە کەیفی خۆیان دەمی پێدەکەنەوە و دەمی پێدادەخن، بەینی ددانەکانی و زمان و پوکەکانی دەپشکنن، ھەمان ئەو پیاوەیە کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراقدا وێرانکرد و جەھەنەمێکی گەورەی بۆ زیاد لە نەوەیەک لەو وڵاتەدا داخست“. 

”ئەمە هەمان ئەو پیاوەیە بە درێژایی ٣٥ ساڵ حاکمی تاقانەی عێراق بوو، کێی دەویست دەیگرت و کێی دەویست ڕاودەنا و کێشی بویستایە، دەیکوشت“. ”ئەمە ئەو دیکتاتۆرەیە سامانی وڵاتەکەی لە چەندان جەنگی گەورەدا بە فێڕۆدا و دەوڵەتی عێراقی گۆڕی بۆ موڵکی خێزان و ھاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی“. ”ئەمە ئەو پیاوەیە کە ئەو ھەموو جەنگ و کوشتن و بڕین و ماڵوێرانیەی ئەنجامدا، لە ھەموو قوژبنێکی وڵاتەکەدا پاسەوان و ڕاپۆرتنوس و بڕێکی گەورە ترسی چاندبوو. 
ملیۆنان عێراقیی لەو وڵاتەدا نەمانتوانی بەری پێبگرین،  ژیانی زیاد لە نەوەیەکی کرد بە جەھەنەم، کەچی ئێستا لەبەردەم چەند سەربازێکی ئەمریکیدا تەواو زەلیل و بێبایەخ و ئیھانە کراوە.

“ساتی لە سێدارەدانەکەشی بەھەمان شێوە ساتێکی تاریک و ناخۆش بوو. ئەو ڕۆژەش دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندیی میوانبووم و لەسەر ئەو ڕووداوە قسەمدەکرد. لای من کێشەکە لە خودی لە سێدارەدانەکەیدا نەبوو، ئەم پیاوە دەستی بە خوێنی ملیۆنان مرۆڤی عێراق سووربوو، ھەم دوژمن و ھەم دۆست و ھەم ھاوڕێکانی خۆیشی دەکوشت، سزای دەستەجەمعی بەسەر دەیان ھەزارکەسدا پیادەدەکرد. جینۆسایدی ئەنجامدابوو، بەشێکی زۆری وڵاتەکەی ڕوخاند، تەعەدای لە سروشتی وڵاتەکە دەکرد. ھۆڕەکانی وشکدەکردەوە و کانیاو و گوندەکانی دەڕوخاند. کێشەکە لەوەدا بوو ئەم دیکتاتۆرە خوێناوەیە لەسەر یەکێک لە تاوانە ھەرە بچوکەکانی لەسێدارە درا. لەباتی ئەوەی داوەریکردن و سزادانەکەی بکرێت بە داوەریکردن و سزادانی قۆناغی دەسەڵاتدارێتییە خوێناویەکەی، داوەریکردن و سزادانی فەرھەنگ و کولتوری بەعسیزم خۆی، داوەریکردن و سزادانی مۆدێلی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی بەعس بۆ کۆمەڵگا و چۆنیەتی بەفیڕۆدانی ئابوریی وڵاتەکە و شێوازی مامەڵەکردنی سەربازییانەی منداڵان و گەنجان و ھتد...لەباتی ئەوەی داوەریکردن و سزادانەکەی ببێت بە داوەریکردن و سزادانی ئەو دونیا مادیی و رەمزییە ترسناکەی کە سەدام و بەعس لەماوەی نزیکەی سێ دەیەدا دروستیانکردبوو، کەچی لەسەر ڕووداوێکی بچووکی ناو شارۆچکەیەکی بچووکی ناو عێراق، بەراورد بە تاوانەکانی تر، لە سێدارە درا.

زەلیلیی و بچووکیی سەدام حوسەین لەبەردەم بێگانەدا و بێڕەحمیی و دڵڕەقیی و خوێناویبوونەکەی بەرامبەر بە میلەت و کۆمەڵگاکەی خۆی، ئەو ئاکار و عەقڵیەت و سایکۆلۆژیا باڵادەستەیە کە لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە بەخەستیی ئامادەیە، بەوانەی لای خۆشمانەوە. قبووڵکردنی ھەموو سوکایەتییەک لە کەسانی بیانیی و ئەنجامدانی ھەمان سوکایەتیی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانییانی خۆت، کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقە سیاسیی و تەکنیکی حوکمڕانییەیە، کە ئەم مۆدێلە لە سیاسیی و سەرکردەی سەدامیانە دەجوڵێنێت.

 سەدام لەو ڕۆژە تایبەتەی کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٦دا کوژرا بەڵام سەدامیزم لە چەندان شێواز و مۆدێلی تازەدا بە زیندوویی هێڵدرایەوە و گەشەیپێدرا. کوشتنی سەدام بەبێ ھەڵەشاندنەوەی سەدامیزم درێژەدانە بە ھەمان ئەو دونیایەی دەتوانێت بەردەوام سەدامی تر بەرھەمبھێنێت. سەدام کوژرا بەڵام مۆدێلی سەدامییانەی حوکمڕانیکردن درێژەیپێدرا.