پێش ئەوەی گرفتی مامۆستایانی ناڕازی لەدەست دەرچێت پێویستە چارەسەری گونجاو بکرێت

بڵند دلێر شاوەیس

2024-01-08

بەدەر لە دەست تێوەردانی حزبی، بایکۆتی پرۆسەی خوێندن گرفتێکی سادە نییە، پرسێکە پەیوەندی بە داواکاری ڕەوای مامۆستایانەوە هەیە، پێویستی بەدەمەوە هاتنی خێرا و بڕیاری ورد و یەکلاکەرەوە هەیە.
بایکۆت و خۆپیشاندان و گردبونەوە مافێکی دەستورییە
ئەرکی حکومەتە ژیانێکی شایستە بۆ مامۆستایان و کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا دابین بکات بە موچەخۆر و بێ موچەشەوە.
ئالبێرت ئاینشتاین(Albert  Einstein) دەڵێت : 
"ناتوانین چارەسەری کێشەکانمان بکەین بە بەکارهێنانی هەمان ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەی کە بەکارمانهێنا بۆ خوڵقاندنی".
ئەم وتەیە پڕاوپڕ بۆ پرسی بایکۆتی پرۆسەی خویندن و مامەڵەکردن لەگەڵ داواکاری مامۆستایانی نارازی هەرێمی کوردستان دەگونجێت.
وەڵامدانەوەی داواکاری مامۆستایان بەبێ دیاریکردنی کات و شێواز و میکانیزمی جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان بۆی هەیە گرفتەکە قوڵتر بکات و ناڕەزایەتیەکان فراوانتر بکات، بەهەند وەرنەگرتنی کێشەکە و مامەڵەکردنی هەڵە لەگەڵ ئەم پرسە و چارەسەرنەکردنی گرفتەکە لە ڕەگ و ڕیشەوە وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە وایە ئازار شکێنی پێبدەی کە تەشەنەی سەند کۆنترۆڵ ناکرێت، ڕەنگە لە چوارچێوەی ململانێ سیاسیەکان و دەست تێوەردانی لایەنەکانیش دەرچێت.