قسەیەک بۆدۆحە کورد جنۆکەیە یان جولەکە؟

فارس نەورۆڵی

2024-01-08


  ناوە ناوە لەملاولا گوێمان لە دەنگێک دەبێت، کە ئامانجیان ناوزڕاندن و سوکایەتیە بە گەلی کورد و ئامانجی سیاسی لە پشتە. لە لایەکەوە دەڵێن کورد پیاوی جولەکەیەو ئیسرائیلی دووهەمەو لەلایەکەوە دەڵێن کورد نەوەی جنۆکەیە، لەکاتێکدا هەمووشیان دەزانن کورد کۆنترین نەتەوەو دانیشتوانی ئەم سەر زەمینەیەو بە زۆربێت یان بەخوایشت پێش ئەم نەتەوانەی دیکەی غەیرە عەرەب ئیسلام بووە. خزمەتێکی زۆری فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی ئەم میللەتانەی کردووە، کە کوردیان لەتەکدا دەژی یان کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. 

لەلایەکی دیکەوە لەڕووی سەربازی و شەڕەوە هەمان خزمەتی کردووە ئیتر هاوکاری ناو دەنێیت شتی دیکەی ناودەنێی ئەجری دراوسێیەتی ناودەنێن هەموو جار کەباسی کورد دەکەن دەڵێن ئێوە نەوەی سەلاحەدینن. هەرکاتێکیش جیهانی ئیسلامی پێویستیان بەکورد بوبێ کورد درێغی نەکردوە نمونە لەشەڕی عەرەب ئیسرائیلدا ئەوکاتەی شۆڕشی کوردو دەوڵەتی عێراق لەشەڕدابون بارزانی بڕیاری دا مادام عەرەب لەشەڕدایە ئێمە شەڕ دژی سوپای عێراق ڕادەگرین، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە ئەوان بەدرێژای مێژوو کوردیان قبول نەبووە. 

کورد بوون بووە بە گرێیەکی دەروونی، لایەن و بونی کورد لەنەبونی خۆیاندا دەبیننەوە ئەگینا دەزانن کورد نەپیاوی جولەکەیەو نەلە ڕەگەزی جنۆکەشە  ئەگەر پیاوی جولەکە بوینایە ئەمە حاڵمان نەدەبوو ئەگەر نەسلی جنۆکەش بوینایە ئێستا چوبوینە گیانی ئەوانەوە، هەر چەندە ئەگەر ئەم وشەی جنۆکەیە بە سیاسی بکەین لەوەدەچێ وا هەستبکەن کورد چوبێتە گیانیان و نایەڵێ پشوو بدەن.

 ئێستاش دەرفەتە کە کۆنگرەی یەکێتی زانایانی جیهانی ئیسلامی لەدۆحەو سەرۆکی ئەو یەکێتییە کوردە و چەند کەسایەتیەکی ئیسلامی کوردیش بەشدارن لە کۆنگرەکەدا، هیوادارم بڕیارێک یان فتوایەک بدەن کورد نەتەوەیەکی دێرینی ئەم ناوچەیەیەو زۆرینە موسوڵمانن خۆ ئەگەر کورد جنۆکەیە بەجنۆکەیەکی ئیماندار بیناسێنن و لە کۆتایدا دەڵێم حەق وایە بیرمەندان و ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە دوای ئەو مێژووە دورو درێژەی کەلەتەک کورددا ژیاون ئیتر بڕیار بدەن و تێبگەن کورد نە جنۆکەیەو نەپیاوی جولەکەیە. 

کورد دەیەوێ بەباوەڕەوە وەک مرۆڤ، وەک برا لەتەک میللەتانی ئەم ناوچەیەدا بژین.