چۆن جەنگێک هەڵدەگیرسێت؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2024-01-29

ڕۆژانە ستوونی هەندێک نووسەری چەند ڕۆژنامەیەکی گرنگی ئەمریکی، عەرەبی، ئێرانی و تورکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێنمەوە و تەماشی هەندێکیان لە یوتوب دەکەم. پێم خۆشە دوای ئەو گوێگرتن و خوێندنەوانە ئەمە لەگەڵ ئێوە سەبارەت بە ئەگەری داهاتووی ناوچەکەمان هاوبەشی پێبکەم بکەم.

لە ماوەی ڕابردوودا ئێران دوو هێرشی گەورەی کردەسەر کوردستانی عێراق و پاکستان. هێرشەکان هەردوو وڵاتی دۆستی شۆک کرد. ئێران گوتی گوایە لە مۆسادم داوە بەڵام هیچ نیشانەیەکی هەستیار لە ئیسرائیلەوە نەبینرا سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی. 
لە پاکستانی دا گوایە لە سوپای عەدلی داوە بەڵام پاکستانیش وتی دوو منداڵ کوژراون.

دەشێت پاکستان دەوڵەتێکی دەوڵەمەند نەبێت بەڵام بە بوونی سوپایەک بەهێزی خاوەن بۆمبی ئەتۆمی و 240 ملیۆن دانیشتوانەوە هەرگیز دەوڵەتێک نییە ئێران بتوانێت یاری پێبکات وەک ئەوەی بە عێراقی دەکات، بۆیە پاکستان بە "بڕینەوەی پەنجە" وەڵامی ئێرانی دایەوە.

 پرسیارێک دێتە پێشەوە هەموو ئەمانە بۆچی ڕوودەدەن؟ ئایا شەڕی ئێران و پاکستان ڕوودەدات؟ بە بڕوای من ئەم پرسیارە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ناوچەکە پرسیارێکی زۆر بچوکە، دەبێت پرسیارەکە لە دۆخێکی نالەباری وەک ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە بەم جۆە بکرێت: ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە تۆپەڵێک لە ئاگر؟ ئایا جەنگێکی گەورە هەڵدەگیرسێت؟

تەماشا پاکستان هاوپەیمانی چینە لە دژی هەژمونی هیندستان، ئێرانیش بەهەمان شێوە هەر هاوپەیمانی چین و ڕووسیایە، لە دوای هێرشە بێ پاساوەکەی ئێران چین زۆرهەوڵیدا پاکستان دان بەخۆیدا بگرێت و وەڵام نەداتەوە، بەڵام بێسوود بوو. هەوڵەکانی چین لەوێدا سەریان گرت کە توانی نەهێڵێت ئەم شەڕە پەرەبستێنێت و ببێتە سەرەتای جەنگێکی نوێ. لەدوای هێرشەکانییەوە پاکستان بە زمانێکی نەرمتر باسی لەوە 
پاکستان و ئێران دوو دەوڵەتی بران، بەڵام داخوازی مامەڵەی چونییەک ئەوەبوو پاکستان بێ وەڵام نەمێنینەوە. جەنگی نێوان دوو دەوڵەتی زۆرینە موسوڵمانی وەک پاکستان و ئێران کە هەریەکێکیان بۆ خۆی هێندەی کیشوەرێک دەبێت فاتوورەکەی لەسەر چین زۆر دەکەوێت بۆیە دیپلۆماسییەتی چینی توانی هەر لەسەرەتاوە ئاستی زیانەکان بۆ کەمترین بڕ دابەزێنێت و سەرکەوتووش بوو تێیدا.

ئامریکا سێ دەیەیە بە زەبری هێز لەم ناوچەیە بوونی خۆی سەلماندووە، بەڵام نەیتوانیوە هەژمونی خۆی بسەپێنێت و قسەی یەکلاکەرەوەی پێ ناکرێت لە هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
بە پێچەوانەوە چین لە ڕێگەی ئابوورییەکی بەهێزەوە  توانیوێتی دوو دەوڵەتی دژ و دوژمنی کاسە سەری یەکی وەک سعودیە و ئێران ئاشتکاتەوە. ڕێکەوتننامە دەیان ملیارد دۆلارییەکان کە چین ماستەر مایندێتی لەم ناوچەیەدا ئارامی و ئاشتییەکی نیسبی بەدیهێنابوو، بەڵام ئەمە بۆ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی شتێکی قەبوڵنەکراوە.

ماوەی دووساڵە هەموو ستوون و کتێب و نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک لە ئامریکا  هاواریان لێبەرزبۆتەوە کە چیدی ئامریکا ناتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک پێشو بمێنێتەوە و قسەی بڕوات. کەسێکی وەک تۆماس فریدمان زیاتر دەڕوات و پێی وایە چینییەکان دێن و کەسابەتی مناڵەکانی ئەمان داگیر دەکەن و ئەمەش دەکاتە مادەی خامی چەندین ستوونی هەفتانەی.
 
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دابەش دەبێت:

بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکارانی سیاسی بۆ تێگەیشتنێکی خێرا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر سێ بەرەدا دابەش دەکەن تا خوێندنەوەکان بۆی دەقیقتر دەرچێت:

بەرەی یەکەم/ وڵاتانی عەرەبی نەوتیی کە بە پترۆدۆلار دەژین. ئەم وڵاتانە لە ماوەکانی ڕابردوودا هەموو هێلکەکانی خۆیانخستبوویە سەپەتەکەی ئامریکاوە. تا جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیابێ چەندو چون هاوڕاو هاوپەیمانی هەموو ئاکتێکی  ئامریکا بوون لە ناوچەکەدا.

بەرەی دووەم/ وڵاتانی بەهێزی سوننە مەزهب کە خۆیان بە گشتی لە میسر و تورکیا و پاکستاندا دەبینییەوە، میسر بە گوێرەی کلتوور و  پێگەکەی، تورکیا بەگوێرەی جیۆپۆلۆتیک و ناتۆ و پاکستانیش بە گوێرەی ئەوەی یەکەم وڵاتی ئیسلامییە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بێت. ئەمانیش هەریەکە و بەجۆرێک هاوپەیمانی ئامریکان بەڵام بەڕێژەیەک کەمتر لە وڵاتانی پترۆدۆلاری کەنداو.

بەرەی سێیەم/ بەرەی ئێران و هیلالی شیعی. ئێران و کلکەکانی لە هەندێ وڵات بە ئاشکراو بێ سڵەمینەوە ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە دژی ئامریکان. بەڵام لەسەرێکی دیکەشەوە هاوپەیمانی چاینا و ڕوسیان.

بەبێ تێگەیشتن لە ئاکتەکانی ئەم سێ بەرەیە مەحاڵە لەوەی ڕوودەدات لەم ناوچەیە تێبگەین. لە کۆتاییەکانی 2019 ەوە وڵاتانی کەنداو و لەدوای هێرشی حوسییەکان بۆ سەرکۆمپانیای ئارامکۆ و نەپاراستنیان لەلایەن ئامریکاوە، سعودیە و ئیمارات چاویان بە هاوپەیمانێتی بێ چەند و چونیان لەگەڵ ئەمریکادا خشاندۆتەوە، بەدگومانییەک ڕووی کردۆتە سیاسەتی دەرەکییان بەرامبەر ئەمریکا و لانی کەم نایانەوێت چیدی هەموو هێلکەکانیان وەک ڕابردوو بخەنە سەپەتەکەی ئامریکاوە، چاویان لە بەدیلێکی باشترە، چینیش بە ڕازاوەترین شێوە خۆی بۆ نمایش کردوون و وەک بەدیل خۆیان نیشان دەدات. ساڵی پار محمد بن سەلمان بە ئاشکرا گوتی لەشەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیادا بێ لایەنین و چەندین بۆندی ئابووری لەگەڵ چین دا واژوو کردووە کە بڕەکەی دەیان بلیۆن دۆلارە، ئیمارات پێشوازی لە پوتن دەکات لە باڵاترین ئاستدا کە ڕۆژئاوا بە تاوانباری جەنگی تۆمەتبار دەکات و دروستکردنی شۆڕشی تشرین لەبەغدا و لابردنی عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لەپاش واژووکردنی بۆندە چەندین بلیۆن دۆلارییەکەی بەغدا لەگەڵ پەکین شتانی هەروا سادە و ئاسان نین خۆمانی لێ ببوێرین.

هەرچی تورکیا و میسر و پاکستانیش هەیە سەرەڕای بوونی پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئامریکا، پەیوەندی نوێیان لەگەڵ چاینا و ڕووسیا دروستکردوە بەجۆرێک دووەمین هێزی ناتۆ کە تورکیایە سەرباری هەڕەشەکانی ڕادیکاڵێکی وەک تڕەمپ ڕۆیشتە قوماری کڕینی سیستمی دژە موشەکی S400 ڕوسی و کردنەوە گەورەترین سەنتراڵی ئەتۆمی بۆ ڕوسیا لە مێرسین، لەکاتێکدا دووەمین قورسایی هەیە وەک هێز لەناتۆدا. دیارە بەرەی سێیەمیش چۆن لە دژی ئامریکا کار دەکات.

 ڕای گشتی ئەمریکی ئەمڕۆ گەیشتووە بە قەناعەتێک کە ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لاواز بووە، چیدی ناتوانێت ئیدارەی دۆخەکەی بدات، ڕاستە هێزی هەیە بەڵام سیاسەت و قسەی زۆر بڕ ناکات. ئامریکا هەمیشە هێزی ئامادەی هەبووە بەڵام ئەم دەیەی کۆتایی سیاسەتی ناوچەکە لەبەرژەوەندی ئەژێنداکانی ئەو نەجوڵاوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سیاسەت و ئیدارەی دەرەکی دەوڵەتان لەڕێگەی هێزەوە یەکلایی نەکراوەتەوە (ئەمە قسەی کیسنجەرە).

پاش پاندێکمیکی کۆرۆنا ڤایرەس ئامریکا  شۆک و پانیکی پەلاماردانی ئۆکراین بەرینەدابوو یەمەن و غەزەشی هاتەسەر، گەر ترسی لە هەژمونە ئابوورییەکەی نەبێت چین ئێستا زۆر بەسانایی دەتوانێت دۆزەخی بەرەی لوبنانیشی بەڕوودابکاتەوە و نەهێڵێت لەژێری دەرچێت.

ئامریکا لەوە گەیشتووە ئاڵنگارییەکان خێرا و پڕوکێنەرن، ڕیسکەکان بکوژن،گەرنەتوانیت ئیدارەیان بدەیت لەدەست دەردەچن. ڕای گشتی ئامریکا ئێستا پێی وایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەست دەرچووە، ئێستا گەر نەتوانێت کارێک بکایت دەوڵەتانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوێ بۆبگرن خۆ دەتوانێت کارێک بکات بەیەکدا بدەن و لێیان تێکبدات. پێکدادانی ئئێران و پاکستان، سعودیە و ئێران، بەحرەین و ئێران کەمێک باری گرانی سەرشانی ئمریکا ئاسانتر دەکات. لۆژیکی پردێکم پێ دروستنەکرێت خۆ پێم دەڕوخێندرێت ئەمڕۆ حاکمی موتڵەقی سیاسەتی خۆرئاوایە لەم  ناوچەیە. مەرج نییە ئامریکا و ڕۆژئاوا بەتەنها ئەمە بکەن، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە چین کەمتر حەزی بە جەنگی نێوان وڵاتانی ئەم ناوچەیە بێت.

گەربێتو ئەمڕۆ پاکستان و ئێران بدەن بەیەکدا ئەوا ئامریکا و ئیسرائیل و تەنانەت ئەوروپاش هەناسەیەکی ئارام هەڵدەمژن و پشویەک دەدەن. ئیسرائیل ئەمڕۆ لە غەززەدا بەجۆرێک چەقیوە کە هاتنە دەرەوەی لێی بە نزیکەیی نامومکینە و فاتورەی شەڕەکەش دیارە دەبێت ئامریکا بیدات.

ئەو هەڕەشانەی ئەمڕۆ ژیانیان لەم ناوچەیە خستۆتە ڕەهنێکی نادیارەوە و لەهەر ئان وساتێکدا دەشێت ئەم ناوچەیە بکەنە تۆپەڵێک لە ئاگر ئەمانەن:

یەکەم/ پێکدادانی دەوڵەتیی. ئێران پاکستان، سعودیە ئێران، سعودیە یەمەن، ئێران سعودیە، ئێران ئازەربایجان دەشێ لە هەر ئان و ساتێکدا بدەن بەیەکدا و شەڕێکی لانی کەم مچەندساڵە ئیدارە بدەن.

دووەم/ لاوازکردنی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە لە ناوەوە بەجۆرێک کەس خۆزگەیان پێ نەخوازێت و بواریمدەرەوەی خۆیان بۆ نەمێنێتەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا سێ شۆڕشی گەورە لەئێران ڕوویانداوە کە بەس بوون بۆ قڵپکردنەوەی سیستم " شۆڕشی سەوز، هەستانی گەلانی ئێران، شۆڕشی ژینا"  ، دوان لە میسر "بەهاری ئیخوان و ڕابیعە"، بەهارەی عەرەبی بە گشتی دەرخەری ئەم ڕاستییەن.. 

سێیەم/دا×عش ئەکتەرێکی زۆر سرک و  جۆکەرە کەی بیهەوێت بەوجۆرەی بەرژەوەندی هەندێک دەیخوازێت دێتەوە، نەوەک لە ئێران و سوریا، چەند هەفتەی پێشو  دا×عش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی کرمانی ئێرانی خستە ئەستۆی خۆی دا×عش چییە، بونیادی سیاسی و  کۆمەڵایەتییەکەی چییە، لە چ مۆبەقێک ئامادەکراوە و کار بۆ کێ دەکات تائێستا دیار نییە، بەڵام ئهوەی دیارە یاریکەرێکی زۆر کلیلییە لە یەکلاییکردنەوەی ئیدارەدانی هێز ئەم ناوچەیە.
دەشێت و دوور نییە دا×عش ئەمجارە لە تورکیا سەرهەڵبداتەوە.

چەندهەفتەی ڕابردوو بایدن گوتی  ۱٥۰۰ سەربازی دیکە دەنێرمە سوریا و عێراق چونکە دا×عش خەریکی خۆ کۆکردنەوەیەی.(ئەم قسەیە ئاماژەیەکی بێ پێشینە نییە  و دیار نییە ئەمجارە دا×عش چۆن خۆی کۆدەکاتەوە )

چوارەم/کارتی مەزهەبی، شەڕە مەزهەبی و لۆکاڵییەکان کارتێکی زۆربەهێزن بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی گەورە لەم ناوچەیەدا.  شەڕی مەزهەبی نێوان پاکستان کە دەوڵەتێکی سونییە و ئێران کە دەوڵەتی شیعەیە، جوڵاندنی شەقامی ۹ ملیۆن شیعەی سعودیە و بەحرەین، جەنگی مەزهەبی  لە لوبنان و عێراق  لە هەر ئان وساتێکدا بەرمیلێک بارووتی ئامادەن بۆ تەقینەوە.

بەکورتی هێزێک ئەمڕۆ هەیە ناتوانێت وەک ڕابردوو  ئیدارەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بەڵام دەتوانێت تێکی بدات تا ئەوی دیکەش لێی تێک بچێت و هەژمونی خۆی لەم ناوچەیە نەسەپێنێت.