هەژاری مرۆڤ بەرەو کوێ دەبات؟

فارس نەورۆڵی

2024-01-30

هەژاری خراپترین دۆخە، هەر کۆمەڵگەیەکی تێکەوێت. یەکێک لە هۆکارەکانی هەژاری، بێکاری و ناعەدالەتی و شەڕە. هەموو پێغەمبەران و ئاینەکان و فەلسەفە و فەیلەسوفەکان و بیرمەندان و ئازادیخوازان قسەیان لەسەر هەژاری هەیەو، بەشێکی خەباتیان بۆ بنەبڕکردنی هەژاری و هێنانەدی خۆشگوزەرانی بووە بۆ مرۆڤ.  بۆیە 
  ١- کورد دەڵێ: هەژاری ڕەگی هاری پێوەیە.
 ٢- موحەمەد پێغەمبەر دەڵێ: (خودایە بمپارێزی لەهەژاری و بێ باوەڕی)، یانی هەژاری هێندە و، بگرە زیاتر لەبێ باوەڕی ترسناکترە.
 ٣- مارکس کۆمەڵگەی بەسەرخان و ژێرخان وێنا کردووە. ژێرخانی ئابوری و سەرخان و کۆی کایەکانی دیکەی ژیان. مارکس ئەوەمان پێ دەڵێ: ( ئەگەر ژێر خان هەر کێشەی بۆ دروست بوو ئەوا سەرخان بۆ خۆی دادەتەبێت).
 ٤. ئیمامی عەلی دەڵێ: (هەژاری مرۆڤێک بوایە دەمکوشت). 

لێرەوە دەبێ تێبگەین، کەهەژاری و بێ نانی چ  ئاسەوارگەلێکی نەرێنی بەسەر کۆمەڵگاوە بەجێدەهێڵێت و بنیاتەکانی کۆمەڵگە بەرەو داڕزانی ڕۆحی و ئەخلاقی و سیاسی دەبات.


 قوتار بوونی یەکجارەکی لە هەژاری بوونی نییە، بەڵکو هەوڵ و پلان بۆ بەرەنگاربوونەوە و سنوردارکردنی هەژاری بوونی هەیە؛ لێ ئەمەش ئەرکی لە پێشینەی سیستەمە حوکمڕانەکانە. ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو شەڕە ئابورییەی لەلایەن نەیارانی کوردەوە ڕووبەڕوی بوەتەوە،  بەئامانجی لەناوبردن یان لاوازکردنی، تووشی جۆرێک لە هەژاری ڕێژەیی بووە. لە هەمانکاتیشدا،  بەرەنجامی نادادپەروەری ناوخۆیی هەرێم و ئاڵۆزی نێوان حیزبەکان وایکردوە، هەژاری باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە، بەجۆرێک دەیان چیرۆکی خەمناک دەبیستین، کە باس لە تێکچونی خێزان و هەڵوەشانەوەی خێزان و پەروەردە دەکات. دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دروست کردوە. ئەوەندە کاریگەری نەرێنی دروست کردووە، دوای ئەو هەموو خەباتە بکەوینە ژێر کاریگەری پیلانە سۆزدارییەکانی دوژمنەوە.  ئێمە ئەگەر جاران بۆ ئازادی دەجەنگاین، ئەوا ئێستا بۆنان دەجەنگین و خەمی گەورەمان بووە بە خەمی نان. 

بۆیە ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە نەدۆزرێتەوە ئەوا سەر دەکێشێ بۆ کارەسات و دەرگای زۆر ناخۆشی دی دەکاتەوە.