کێ لەبەرژەوەندییەتی ئەمێریکا ناوچەکە بەجێبهێڵێ،ئێران یان تورکیا؟ئەی ئەمێریکا ئەوە دەکات؟

بەهروز حاجی

2024-02-10

ماوەیەکە،بەتایبەت لەدوای شەڕی نێوان،ئیسرائیل و حماسەوە،دەنگۆی کشانەوەی ئەمێریکا بۆتە ڕۆژەڤ،هۆکاری چڕبوونەوەی داواکارییەکەش دیارە کەزیاتر بەهۆی بۆردوومانی ئەمێریکایه،بۆسەر پێگەی گروپە چەکدارەکانی سەربەئێران لەعێراق و سوریا و حوسسیەکان لەیەمەن.ئەوەشی وەک پرسیار لەلای چاودێران و شەقام بەگشتی وەک پرسیار دروست بووە،ئایە ئەمێریکا لەناوچەکەدا دەکشێتەوە و دەکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو فشارانەوە،یاخود بەدیوێکی تردا دەپرسین ئایە فشارەکان جدیین،یاخود هەر بۆ دامرکاندنەوەی شەقامەو پەیامی دووەمی فشارەکان،جیاوازن؟

دەکرێت بۆوەڵامی ئەو پرسیارگەلە،بەدوای ڕاستی و دروستی ئەو داواو فشارانەشدا بچین کەتاچەند سەپۆتی فشارەکان،کەئێران و تورکیان بەتایبەت، ڕاستگۆن و بەڕاستی دەیانەوێت ئەمێریکا ناوچەکە بەجێ بهێڵێت یاخود نا؟ بێگومان گەر لەئێرانەوە دەست پێبکەین،واقیع و دۆخی سەختی ئابووری و لاوازی دراوەکەی لەئاست دراوەکانی تردا بەبەشێک لەوڕاستییە دابێنیین،بێگومان بۆمان ڕووندەبێتەوە،کە بەڕۆیشتنی ئەمێریکا،هێندەی تر ئێران توشی داڕووخانی ئابووری و لاوازی دراوەکەی دەبێتەوە،چونکە ئەمێریکا ئەوکات دەستەوەسان نابێت لەئاست هەر سزایەک بەسەر ئێراقیدا بهێنێت،بەتایبەت کەکلیلی دراوەکەی لەچنگی واشنتۆندایە و هەرکات بییەوێت،ئاستی دیناری عێراقی پێ دادەبەزێنێت و توشی چارەنوسێکی خراپی دەکاتەوە،بۆیە ئێران بەهیچ لۆژیکێک نایەوێت بیرلەوەبکاتەوە لەئێستایەکی نزیکدا،ئەمێریکا دەربکرێت.

ئێران لەلایەکی ترەوە باش لەوە تێگەیشتووە،بە دەرچونی ئەمێریکا،بۆشایەکی ئەمنی و سیاسی گەورە لەعێراق و هەرێمی کوردستان درووست دەبێت و تورکیاش زۆر چالاکانە دێتە مەیدان و دەست لەکاروباری موسڵ و کەرکوک  وەردەدات و ئەمەش لەلای ئێران قبوڵکراونیە،چونکە ئەو ئێستا دۆخی دەستێوەردانی تورکیای لەلا سەرئێشەیە،ئەوکات بەخراپتری دەزانێت.

بابەتی تورکیاش بێگومان جیاوازە و دەکرێت تەواو پێچەوانەی ئێران بێت و بەرژەوەندیییەکەی وابخوازێت،چونکە چونە دەرەوەی ئەمێریکا ئەوکات بەیەک پاکێج دەبێت و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش دەگرێتەوە و ئەوکات تورکیا دەست واڵا دەبێت لەبەرامبەر دەست خستنەنێو کاروباری ئەو دوو وڵاتەو تەنانەت داگیرکاریش ئەنجام دەدات بەتایبەت لەباکوری سوریا،بۆیە ئەوەی پێویستە وەک وەڵامێک لەئێستادا بیزانرێت،ئەوە ڕوونە،نەئەمێریکا فشارەکان بەجدی و ڕاستی لەسەری داواکراوە،نە ئێزانیش مەبەستێتی ئەمێریکا سنورەکە بەجێ بهێڵێت،بەڵکو بەپێچەوانەوە،تەنها لایەن تورکیا خۆشحاڵەبێت بەدۆخێکی وەها کەڕووبدات .

 ئەمێریکاش بێگومان لەئاست ئەو قوربانیەی داوێتیی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە و هەروەها بۆپاراستی ئەمنی قەومی ئیسرائیل وادەخوازێت،دەست بەرداری ناوچەکەنەبێت.بەتایبەتتر کە ئێستا ئیسرائیل لەدۆخی شەڕێکدایە لەگەڵ سەرسەخترین دوژمنیدا.