لەنێوان باوەنوری و زەڕایەنی و نەرویجییەکاندا!

حسێن عه‌لی شه‌ریف

2023-02-15

دوای نزیکی شەش ساڵ ناچاربووم وڵاتی هۆڵەندا جێبهێڵم و ڕووبکەمە وڵاتی نەرویج. دیسانەوە شانس یاوەرم نەبوو ڕەفزو تەردو کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارە کەمەی کە لە کەمپا ئەیاندا پێمان، ناچاریکردم لای کەسێکی سەرڕەش بە ڕۆژانەیەکی زۆر کەم دوانزە سەعات کاربکەم!
دوای ماوەیەک لە ژیانی سەختی کەمپ و زوڵمی خاوەنکار، کوڕێکی نەرویجیم ناسی و بووین بە هاوڕێ.
دوای ئەوەی کە زانی ئارەزووی فوتباڵم هەیەو ئەزمونم لە دادوەری (حەکەمی فوتباڵ) هەیە، لە کۆرسێکدا بەشداری پێکردم و دواتر ڕۆژێک بەسەیارەی خۆی بردمی بۆ یارییەک.
جلی خۆی پێدام و گووتی: ئەمڕۆ تۆ حەکەمی ئەم دوو تیپە کچانە ئەکەیت و  گوتیشی ئەمە یارییەکی دۆستانەیەو بۆ خۆ ئامادەکردنە، کەواتە هیچ سترێس مەبەو بەئاسانی وەریگرە.
لەڕاستیدا ئەو نەوەد دەقە بە نۆ دەقە تێپەڕی، چونکە بەراورد بە یارییەکانی کوردستان کە زۆرجار یاریزانی چڵکن و بۆن ناخۆش و زمانپیسبوون، ئەمان تەواو ئارام و جوان و تەبعەن بۆنیشیان خۆشبوو!
دوای یارییەکە کچەکان هەمویان یەکە یەکە تەوقەیان لەگەڵ کردم و ئەیناگوت باش حەکەمیت کردو سوپاس بۆ یارییەکە!
کە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە کوڕەکەی هاوڕێم زەرفێکی دایە دەستم و گوتی: تۆ دیارە ئەزمونێکی زۆر باشت هەیە لەبواری حەکەمیدا، بۆیە لە سبەینێوە تۆ ئەبیتە حەکەم لە وڵاتی نەرویج و سبەی تۆمارت ئەکەین!
کە گەڕامەوە ماڵەوە زەرفەکەم کردەوە بینیم بڕی ٧٠٠ کرۆنی نەرویجی تێدابوو، واتە پارەی سێ ڕۆژو نیوی کرێکاری لای کوردەکە!
لەڕاستیدا من زۆرم لاسەیربوو، چونکە من بۆ پارە نەڕۆشتبووم و نەشمئەزانی لێرە حەکەمی بەپارەیە.
سبەی کوڕەکەی هاوڕێم هات بردمیە بازاڕو هەرچی پێداویستی حەکەمی هەیە لە جانتاو سەعات و پێڵاو جل و بەرگ، بۆی کڕیم و فێریشیکردم کە لەڕێگەی ئەنتەرنیتەوە برۆمە ناو سیستەمی فوتباڵی نەرویج و وەک حەکەمێک لە نەرویج تۆماری کردم.
ئیتر لەو ساڵە بەدواوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ گرفت و دەنگەدەنگ، حەکەمی ئەکەم و سەرەڕای ئەوەی مافم پارێزراوە، هەرگیز توشی گرفتیکیش نەبووم!

چۆن بووم بە حەکەم؟
بەیانییەکی زووی ساڵی ١٩٨٧ لەبەردەم کتێبخانەکەی کاک یوسفدا چاوەڕێی هاتنی رۆژنامەمان ئەکرد، پیکابێکی فەلاحی پەیدا بوو کە بڕێک گەنجی تێدابوو، لە جامی پیکابەکە نوسرابوو تیپی وەرزشی باوەنور!
لێمان پرسین بۆ کوی ئەچن؟ گوتیان سەعات چوار لە سەیدسادق یاریمان هەیه‌، بەڵام ئەگەر لە ڕێگا یاری ترمان دەستکەوت ئەوە ئەیکەین!
جا لەو ساڵانەدا تیپ کە ئەرۆشت بۆ یاری، بەیانی زوو لەماڵ دەرئەچوو، هەتا ئەگەرایەوە سێ چوار یاری لەسەرە ڕێگادا ئەکرد!
ئیتر بەپەلە کەوتینە کۆکردنەوەی یاریزان و سەعات دەو نیوی بەیانی، توانیمان نۆ یاریزان کۆبکەینەوە.
دوای ماوەیەک شاهۆی حەمەی موستەفا لەسەر شاخەکەوە کە بینیبووی ساحەکە خەڵکی تیدایە ئەویش بەپەلە هات و بووین بە دە کەس.
منیش بۆ یەکەمجار لەو یاریەدا بووم بەحەکەم، ئیتر لەو رۆژەوە بەدواوە بۆ ماوەی دە ساڵ لەزۆربەی یارییەکانی دەربەندیخان و کەلارو زەرایەن و هەڵەبجەو عەربەت و ویلایەتەکانی تری ئەو ناوچانەدا حەکەمیم ئەکرد.
حەکەمیی کوردستان پڕبوو لە جنێو و شەڕو تەقە، چەندینجار توشی شەڕ هاتووم و لەمردن نزیک بومەتەوە.
لەناو ساحەدا جنێو بە خوشک و دایکم دراوەو بەدرێژایی دە ساڵ لەناو تەپوتۆزی کوردستاندا لەژێر هەڕەشەو ئیهانەدا حەکەمیم کردوە یەک دینار پاداشتم وەرنه‌گرتووە.
ناخۆشترین سەردەمەی حەکەمی، هی ئەو ساڵانەی دوای ڕاپەڕین بوو، چونکە لەو سەردەمەدا حیزبە کوردییەکان وەک هەر کایەیەکی تری ژیانی خەڵکی، تەداخولی ژیانی وەرزشیشیان ئەکردو هەر حیزبەو تیپیکی بۆ خۆی دروستکرد بوو!
تیپەکەی یەکێتی بەر لە یاریکردن پێویستییان بەوە نەبوو کە ئیحما بکەن و خۆیان گەرم بکەن، چونکە بەرلەوەی یاری دەستپێبکات، لە کۆمیتە بە چەند قسەیەک گەرمیان ئەکردن!
تیپەکەی پارتی هەرکات هێزی پارتی لە چەمچەماڵەوە بهاتایە بۆ لقی سێ، باش یارییان ئەکرد، بەڵام هەرکات لقی سێ بگیرایە ئیتر گشتیان ئەڕۆشتنە ناو تیپەکەی حزبی شیوعی!
ئاسانترین تیپ بۆ حەکەمی تیپەکەی یەکگرتوی ئیسلامی بوو، چونکە چەنێک لێیان بدایەن هەرئەوەیان ئەگوت: برام یرحمک اللە تۆزێ لەسەرخۆ!
ناڕەحەتترین تیپ، تیپەکەی حسک بوو، چونکە ئەوان قاعیدەیەکیان هەبوو بۆ یاری، ئەیانگوت: تیمان بکرێ، تا تێیان نەکەینۆ، ناوێ یاری تەواو بوێ!
جا جاری واهەبوو کە گۆڵێکیان تێئەکرا، نەیانئەهێشت فیکەی تەواوبوون لێبدرێت و کە تاریکی ئەکرد ئیڤایەکی تاک لایتیان ئەهێنا بەرانبەر گۆڵی بەرانبەر لایتەکەیان دائەگیرساندو هەتا تێیان نەکردایەنۆ وازیان نەئەهێنا!
بزوتنەوەی ئیسلامیش تیپێکی هەبوو، گشتیان ناویان خوبەیب و ئەبوبەکرو ئەبو ئەسراو ئەو شتانە بوون، جا ئەوان شۆرتیان لەپێ نەئەکرد چونکە ئەیانگوت ناوێ پیاو عەورەتی وەدەرەوەبێ، دەی سوێند بەخوا رەسوڵ ناوێکیان تیابوو، وە ڕوتیش هیج کوێیەکی عەورەت نەبوو!
تیپەکەی حیزبی شیوعیش دوای ئەوەی پارتی بەقوەت بوو، ئیتر وردە وردە بەس گۆڵچییەکەو دوو دیفاعیان مایەوە، ئەوانی تر گشتیان چونە ناو تیپەکەی پارتی!
ساڵی ١٩٩٢ لە زەڕایەن دەورەیەکیان کردەوەو بۆ یاری کۆتایی، تیپی سەیدسادق و تیپی زەڕایەن کەوتنە بەرانبەر یەک. ئەڵبەتە جگە لە منی نەگبەت کەسی تر نەیئەوێرا ببێتە ناوبژیوانی ئەو یارییە، چونکە سەردەستەی هاندەرانی زەڕایەن عەبە تەورە ناوێک بوو لەماوەی ساڵێکدا شانزە كەسی بریندارکرد بوو!
هەر لە بیست دەقەی یارییەکەدا سێ یاریزان بەسەختی برینداربوون و دوای ئەوەی پێڵاوی یاریزانێکی زەڕایەنیش لەپێی دەرچوو سەری جمهورێکی سەیسایەقی شکاند!
لە دەقەی نەوەددا یارییەکە سێ بە هیچ بوو بۆ سەیسایه‌ق، بەڵام من نەمئەوێرا فیکەی تەواوبوون لێبدەم، چونکە ئەمزانی چی چاوەڕێمان ئەکات!
هەوڵم ئەدا یارییەکە بەردەوامی پێبدەم تا دوای نوێژی مەغریب و لەتاریکیدا فیکەی تەواوبوون لێبدەم و ڕابکەین، بەڵام ئیتر یاریزانەکانی سەیسایەق ناچاریانکردم کە فیکەی کۆتایی لێبدەم!

هەر لەگەڵ فیکەم لێدا، لە هەر چوار لاوە کڵۆسم و هۆپەڵ ئەهات، سەرەتا یاریزانەکانی زەڕایەن هەوڵیاندا دیوارێک بە دەوری مندا دروستبکەن، بەڵام لەبەر زۆری بەردەکان شوراکە شکاو ڕایانکرد.
من و چەند یاریزانێکی سەیدسادقی بەرەو جادەکە ڕامانکرد بەهیوای ئەوەی خۆمان بگەیەنینە پشت جادە، بەڵام بەداخەوە لە بەختی خراپی ئێمە، مناڵە وردکەی پشتجادەش هاوشانی بەرجادەییەکان هێرشیان بۆ هێناین!
هیچ چارێکی ترمان نەما جگەلەوەی بە ئاڕاستەی کۆمەڵگای نەسر ڕابکەین، کە ئاوڕم ئەدایەوە دواوە، عەبە تەورە ڕێک ئەتگوت (ویلیام واڵس)ەو بەدوای سوپا تێکشکاوەکەی ئینگلیزدا ڕائەکات، ڕایئەکردو هاواری ئەکرد، دەیکەن، بیگرن!
خوا بەوە ڕوحمی کرد مقەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی لەوناوە نزیکبوو، چەند چەکدارێکیان هاتنەدەرو یەکێک لە چەکدارەکان هاواریکرد: ئە یەنقوس الدین وانا الحی و سەلێیەک فیشەکی بە ئاسماندا تەقاندو ئێمەی نەجاتدا!
دە ساڵی رەبەق لە ساحەکانی کوردستاندا لەبری سوپاسی ماندووبون و کاتسەرفکردن و هیلاکبوونم لەناو یاریگاکاندا، قسەم پێگوتراوەو هەڕەشەم لێکراوە.
ئەوە سیانزە ساڵیشە لەم نەرویجە حەکەمی ئەکەم هەتا ئێستا جگە لە سوپاسکردن و ڕێزگرتن لەگەڵ مافی پارێزراو، هیچی ترم نەدیوە.
دەی ناحەقمە بڵێم: برۆخێ عەلەی نامیق و ڕزە شەش پەنجەو عەبە تەورە، بڕوخێ تیپەکانی حسک و یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکانیش، بژی کریستیناو مۆنیکا، بژی تیپەکانی نەرویج!
تێبینی: دوای ئەوەی کۆمەڵگای زۆرەملێی زەڕایەن دروستکرا، شەقامی سەرەکی دەربەندیخان- سلێمانی کەوتە ناوەندی ئەم کۆمەڵگاو دابەشیکرد بۆ دوو بەش.
ئەوەی کەوتە ئەمبەری جادەکە ناویان نا بەرجادەو ئەوەی کەوتە ئەوبەری جادەکە ناویان نا پشت جادە!