خۆشەویستی کوردستان…چۆن؟

محمد خۆشناو

2023-02-25

خۆشەویستی جۆرەهایە دەگۆڕێت بە گۆڕانی  خۆشویستراو ، خۆشەویستی بۆ خودا ، خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکانی ، خۆشەویستی نێوان پیاو و ژن یان کچ و کوڕ«کە تا ئێستا لە هەندێک ماڵان خۆشەویستی گوناهێکی گەورەیە و پەڵەیەکی شەرمەزاریە » خۆشەویستی هاوڕێتی و دۆستایەتی« بەداخەوە لەو زەمەنەی ئێمە ئەگەر بە یەکێک بڵێی خۆشم دەوێیی ئەگەرێکی زۆرە کە درۆ دەکات و ، ئەگەر بڵێی رقی لێت دەبیتەوە ئەگەرێکی زۆرە ڕاستگۆ بێت ، ئێمە ڕاستگۆی و دڵسۆزی تەنها لە شەڕانگێزیدا دەبینین» هەروەها خۆشەویستی بۆ نیشتیمان .
خۆشەویستی بەنرخترین شتە لە وجودا ، خۆشەویستی بنچینەی ژیانە ، «دانتی» شاعێر دەڵێت :(خۆشەویستی هێزێکی گەورەی گەردوونیە ، چونکە ئەمە ئەوە خۆر و باقی ئەستیرەکانی ئاسمان دەجوولێنێت )  بەگشتی خۆشەویستی موڵکی ژیانە کە هیج ڕیاکاری و درۆ و هەستوسۆزی دروستکراوی تیدا نیە ، بەڵکو پاک و بێگەرد و ساکاری سروشتیە .
خۆشەویستی نیشتیمان بریتیە لەو هەستەی نێوان مرۆڤ و نیشتیمانەکەی ، بەڵام ئەم خۆشەویستیە لە یەکێک بۆ یەکێکی تر بەپێی پێکهاتەی هزری و ڕۆشنبیریەکەی و دیراسەکەی دەگۆڕێت و ، لە ماوەیەک بۆ ماوەیەکی تر جیاوازە ، هەستی نیشتیمان لەماوەی قەیرانەکانی نیشتیمان و جەنگدا بەرز دەبێتەوە و ، هەروەها دیاردەیەکی نەخۆشیی بۆ خۆشەویستی نیشتیمان-یش هەیە کە بەڕێگایەکی هیستیری لەکن فاشی و دیکتاتۆررکان خۆشەویستیان بۆ نیشتیمان هەیە .
بێخۆشەویستی نە دەسەڵاتدار لەگەڵ گەلەکەی نە باوک لەگەڵ منداڵەکانی نە مێرد لەگەڵ ژنەکەی سەرناکەون ، مەزنترین شت خۆشەویستی نیشتیمانە ، بەداخەوە  خەریکە  لەکن ئێمە ئەم خۆشەویستیە بۆ نیشتیمان دەسوێنن ،  لەم ماوانەی ڕابردوو ڕاپرسیەک کرا کە زۆربەی کەسە ساکارەکان  «ئەوانەی ناتوانن تەحەکوم بکەنە سەر غەریزە و سۆزەکانیان » ، تەمانای ئەوەیان کرد کە ئەم قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت و ،  جارێکی تر بێگانە بێنەوە ، کە ئەمە زەنگێکی زۆر ترسناک بوو کە بەری ڕەنجی قوربانی «100 » ساڵی کوردستان بە ئاسانی بە با بدرێت  بەڕاستی  ئەمە بەخۆداچوونەوەی جدی دەوێت !! ، ڕاستە کەموکوڕی و کێماسی و گەندەڵی… هتد هەیە بەڵام دەبێت بپرسین بۆ وای لێبێت هاوڵاتی رقی لە نیشتیمانەکەی  خۆی ببیتەوە و تەمانای نامانی بکات ؟؟!! ، تا ئێستا خۆشەویستیمان  بۆ کوردستان خۆشەویستیەکی هۆشیارانە نەبووە ، با پرسیاری ئەوە بکەین کە ئایا خۆشەویستی ملکەچی عەقل و ئیرادە دەبێت بۆ ئەوەی خۆمان بڕیاری ئەوە بدەین کە خۆشەویستیمان هەبێت یان ڕقلێبوونەوە یان ملکەچی هەستوسۆزە  ؟ ئایا جۆری سوودبەخش و زیانبەخش لە خۆشەویستی نیشتیمان هەیە ؟  زۆربەی خەڵکی کوردستان خۆشەویستی بۆ نیشتیمان بەو ئاستە بەرزەی هۆشیاری نیە ، خۆشەویستیەکی  سۆز و ئارەزووانە و نەبوونی  بابەتیانەیە  کە بریتیە لە بەراوردکردنی باشەکان بە خەراپەکان ، بەڵام لە خۆشەویستی هۆشیارانەدا سۆزی خۆشەویستی پێچەوانە نابێت لەگەڵ ڕەخنەی خودی و گەڕان بەدوای هۆکارەکان ، خۆشەویستی ڕاسەقینەی نیشتیمان ئەوە داوا دەکات کە  هۆشیاری و عەقلانی بێت  ، ئا لەم کاتەدا تەنها لەم کاتەدا دەتوانین پێشبینی لە هاوڵاتی بکەین کە هۆکارەکان وەرگرێت و ، کاری جدی بەرهەمهێن لە پێناوی نیشتیمانێکی باشتر و خۆشەویستیەکی بەهێزتر بکات ، هاوڵاتی ، نیشتیمانێکی سەقامگیر و بێ کێشەی ناوخۆی دەوێت کە بە ئاشتیانە تێیدا بژیت ، هاوڵاتی مرۆڤێکی ئازدی سەقامگیری دەوێت کە بتوانێت  هەلی کاری هەبێت و بازاڕ جوولەی تێدا بێت و خزمەتگوزاریە بنچینەیەکانی بۆ دابین بکرێت ، بەمە  وەلا بۆ نیشتیمان دەگەڕیتەوە و ، خۆشەویستی نیشتیمان مەزنتر و مەزنتر دەبێت .