کۆتایی گورگێکی باران دیتە

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-04-02

گەر گورگێک تەڵە بناسێتەوە و خۆی لێ نەدات و تەڵەتەقێنی بکات لە زمانی کوردیدا پێی دەوترێت "گورگی باران دیتە". زۆر جار بە مرۆڤی خاوەن ئەزموونیش دەوترێت گورگی باران دیتە یان باران دیدە. من لێرەدا گورگی باران دیتە بەمانا نەرێنییەکەی بەکار دەبەم. 
ماوەی بیست ساڵ زیاترە بۆرە گورگێکی ڕەگەزپەرەستی باران دیتە لە پێستی فاشیزمی ئیسلامی سیاسییدا سەدان تەڵەی تەقاندووە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکیان خۆی بگرێت. دەیان داوی دەرەکی و ناوەکی بۆ نرایەوە بەڵام چونکە داودۆز بوو پێوە نەدەبوو. هۆکاری پێوەنەبوونیشی ڕاستگۆیی لە مەبدەئەکانیدا نەبوو، بەڵکو پراگماتیی بوونەکەی لەسەرێکەوە لەپێناو کورسییەکەیدا کڕنووشی لەبەردەم هەموو دیکتاتۆرێکدا پێ دەبرد و لە سەرێکی دیکەشەوە کەڵبەکانی ئەوەندەی دیکە دژی نەیارە بێ باڵ و بێ نینۆکەکان پێ تیژتر دەکردەوە. 
گەر بشێت بە وشەیەک وەسفی ئاردۆگان بکرێت لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا دەشێت پێی بڵێین گورگێکی باران دیتەیە، هاوشێوەی سەددامی کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان کەسێکی پراگماتییە. جیاوازی کەسی پراگماتی لەگەڵ کەسی خاوەن دید و تێڕوانینی سیاسیی ئەوەیە: کەسی پراگماتی هەمووشتێک لەپێناو سوود و بەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە، ئەگەر چی بە زیانی سیستمەکەش کۆتایی بێت. قەواعیدێکی ئەخلاقی و سیاسیی جێگیری نییە بۆی بگەڕێتەوە وەک مەرجەع، ڕوانینی ستراتیژیشی نییە بۆ داهاتوو ئەوەی پاڵی پێوەدەنێت کارێک بکات دۆخە هیسترییەکەی نێو ناخی خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی.
 زۆر بەسانایی دەشێت لە ڕێگای نمونەکانی دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری کێشەی کورد و پەشیمان بوونەوە لێی، دەرکردنی هاوڕێ نزیکەکانی خۆی لەحیزب و حکومەت، دەستگیرکدنی سەرانی ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و دواتر بادانەوە بەلایاندا و ئازادکردنیان، دانووستانەکانی ئۆسلۆ لەگەڵ پەکەکە و دواتر پەشیمانبوونەوە لێی ، هەڵگیرساندنی شەڕی نێوخۆیی سوریا و دواتر دەستدرێژکردن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد، خستنەخوارەوەی فڕۆکە سیخۆییەکەی ڕوسیاو دواتر دەستماچکردنی ڤلادمێر پوتن و..هتد لە پراگماتیبوون و بێ ڕوئیایی ئاردۆگان تێبگەین. ئەوەی دەردەکەوێت هەر ئەم دۆخە پراگماتییەیەتی لەم هەڵبژاردنەدا وادەکات بدۆڕێت، چیدی گەلانی تورکیا باوەڕ بە گورگێکی باران دیتە ناکەنەوە.

🔹هەڵهاتوانی باخچەی پشتەوەی کۆشک!

فرێزی ڕاکردن لە باخچەی پشتەوە فرێزێکە نەجمەددین ئەربەکان کە لە دژی سێکوچکەی ئاردۆگان، بوڵەنت ئارنچ و عەبدووڵا گویل دامەزرێنەرانی ئاکەپە دایهێنا. ئەربەکان پێی وابوو سێکوچکەی ئاردۆگان بە دروستکردنی ئاکەپە خیانەتیان لە میللی گۆروش" ڕوانینی میللی" کردووە و لە باخچەی پشتەوە ڕایانکردووە. هەفتەی پێشوو ئێمە گوێبیتی دوو ناو بووین کە ئاردۆگان وەک دەستبردن بۆ چڵە پووشی پێش خنکان تەشەبووسی پێکردبوون تا بێنەوە نێو ئاکپارتی سا بەڵکو کەمێک کەتیرە لە ئاودزی ئەم کەشییە بدەن و کەمێک لە ئاوی نێو ئەم کەشتییەی لەگەڵ بکەنە دەرەوە تا ئەوەندی دەگاتە کەنارێکی ئارام. بەڵام ئەم دووناوە بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئاردۆگانەوە هەریکەو بە بیانوویەک داواکارییەکەی ئاردۆگانی ڕەتکردەوە. 
کەسی یەکەم وەزیری دارایی پێشووتری ئەو وڵاتە محمد شیمشەک بوو. شیمشەک ئیکۆنۆمیستێکی زیرەکی ئابووری و قەواڵە ماڵی و داراییەکانە. کوردە و خەڵکی باتمانە. لە پاش دەستلەکارکێشانەوەی ئەندازیاری هەستانەوەی ئابووری تورکیا: عەلی باباجان، لە کابینەکانی خودی ئاردۆگان و ئەحمەد داودئۆغڵو و بن عەلی یڵدرمدا بۆماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی و ئابووری تورکیا. 
شیمشەک هەمیشە لەبەرامبەر باباجانەوە ناوێکی دیار و ئاشنا بووە. بەهۆی ئەوەی شیمشەکی شک دەبرد ئاردۆگان زۆر باکی بە دەستلەکارکێشانەوەی باباجان نەبوو. ئێستا شیمشەک لە لەندەن وەک ڕاوێژکاری ئابووریی بانکی کاردەکات. هەفتەی پێشوو ئاردۆگان داوای لێکرد جارێکی دیکەبگەڕێتەوە تورکیا و سۆزی ئەوەی پێدا کە بیکاتە جێگری سەرۆککۆمارو و بەرپرسی دێسکی ئابووری هەموو وڵات و وەزێری خەزێنە، بەڵام شیمشەک بەنەخێرێکی گەورە ئاردۆگان و ئاکەپەی شۆککرد و لە باخچەی پشتەوە بەبیانووی کار هەڵهاتەوە بۆ لەندەن.
ئاردۆگان پێی وابوو بە دانانی شیمشەک لەبەرامبەر عەلی باباجانەوە دەتوانێت گورزێک لە هاوپەیمانی میللەت بوەشێنێت و لەڕێگەی شیمشەکەوە شەڕی یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی خۆی کە عەلی باباجانە بکات، بەڵام شیمشەک نائومێدی کرد و بەبیانووی کار گەڕایەوە لەندەن.

کەسی دووەم کە ئاردۆگان داوای لێکرد خۆی و پارتەکەی وەک  هاوپەیمانی نێو هاوپەیمانیی ئاکەپە/مەهەپە بناسێنن فاتیح ئەربەکان بوو. فاتیح ئەربەکان کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی باوکی ئیسلامی سیاسییە لەو وڵاتەدا.
بە گوێرەی پێگەکەی باوکی، فاتیح ئەربەکان ئەمڕۆ ناوێکی قەبوڵکراوی نێو ساحەی موحافیزکارانی تورکیایە، ئاردۆگان دەیویست لەڕێگەی فاتیح ئەربەکانەوە شەڕی تەمەل کارامائۆغڵوی سەرۆکی پارتی سەعادەت بکات کە ئەمڕۆ هاوپەیمانێکی هاوپەیمانیی پێنج قۆڵیی میلەتە بە سەزکزدایەتی کڵچدار ئۆغڵو.
 بۆ ئەم مەبەستە ئاردۆگان پێشنیاری  کاندید بوون و گارانتی دەرچوونی فاتیح ئاربەکانی کرد بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە. بەڵام نەخێری فاتیح ئەربەکان بۆ ئەم داوایەی ئاردۆگان لە یەک هەفتەدا جارێکی دیکە ئاردۆگانی بەشێوەیەک  شۆککرد تەنانەت نەیتوانی بەیاننامەیەکی فەرمیش سەبارەت بەو باسە دەربکات.

هەڵهاتنی شیمشەک و ئەربەکان هەمان سیناریۆی هەڵهاتنی خودی ئاردۆگان و هاوڕێکانی لە باخچەی پشتەوە ماڵەکەی ڕەفا و ئەربەکانی باوک بەبیر دەهێنێتەوە. ئەمڕۆ کەشتییەکەی ئاردۆگان بە شێوەیەک کون نەبووە خەڵک ئارەزووی مانەوە بکەن تێیدا. ئەوەی لێی دەرچووە نایەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێوی، ئەوەشی لەنێویدایە لە دەرفەتێک دەگەڕێت لێی دەرچێت. لە ئێستادا بوارێک بۆ نوقوم نەبوونی ئەم کەشتییە نەماوەتەوە، ئەوەی لەنگەری ئەم کەشتییەی ڕاگرتووە تەماع و پارە و کۆمەڵێ بندیواری نێو بیرۆکراسی و دەوڵەتن، هیچ باوەڕێکی جێگیر جگە لەبەرژەوەندی نەیبەستوونەتەوە بە ئاردۆگانەوە.

🔹ئاردۆگان دڵنیایە کە دەدۆڕێت!

لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەمە بۆ جاری یەکەمە ئاردۆگان پێش چوونە هەڵبژاردنێک سەدلەسەد دڵنیایە لەوەی کە دەدۆڕێت، بەدەر لەگزیکاری و شەڕی نێوخۆیی و دروستکردنی ئارێشەی نێوخۆیی و کەیئۆس بوارێک نەماوەتەوە ئاردۆگان لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بهێڵێتەوە. بۆیاخکردنەوەی پێڵاوە کۆنەکان، ماکیاجکردنی دەمووچاوە چرچەکان، شتنەوەی دەستەکان ئیدی لەمەبەدوا سوودی بۆ ئاردۆگان و ماڵباتەکەی نابێت.  گەر شیمشەک و ئەربەکانیش بەڵێیان بۆ ئاردۆگان بکردایە مەسەلەکە زۆر نەدەگۆڕا، ئەوان چڵەپووشی پێش خنکان بوون، کارێکیان ەدەسست نەدەهات بیکەن. هەرچەندە خۆشیان نەدا بەدەستەوە بەڵام نەخێری ئەو دوانە وەک دوو زلەی زۆر تووند بوون نێوچاوانی ئاردۆگان و کابووسەکەی ئەوەندەی دیکە بۆ ئاردۆگان قوڵکردەوە و لەسەرێکی دیکەشەوە خۆیان لە ئاگری دۆڕان و بەسوتماکبوونی حەزەکانی ئاردۆگان پاراست.


🔹نەورۆزی ئامەد و داخستنی هەدەپە!

هەفتەی ڕابردوو ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئامەد هاوکات بوون لەگەڵ ڕەتکردنەوەی دادگای باڵای دەستووری ئەو وڵاتە سەبارەت بە داوایەکی هەدەپە بۆ دواخستنی پرسی دادگاییکردنەکەی بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی 14ی مایس، بەڵام دادگای دەستووری داواکەی هەدەپەی ڕەتکردەوە.ئەوەی جێی سەرنج بوو وەک ساڵانی پێشوو جۆش و خرۆشی نەورۆز لە ئامەد بەدینەدەکرا، هاوکات کەمتر هوتافی ئۆجالان و پە-کە-کە دەوترانەوە و کەمتریش بڕۆشۆری ئۆجالان بەرز دەکرایەوە بەراورد بەساڵانیڕابردوو. من ئەمە بۆ دوو هۆکار دەگێڕمەوە، یەکێکیان دەشێت هەدەپە وەک ڕێزێک بۆ بومەلەرزەکەی باشووری خۆرئاوای ئەو وڵاتە نەیوستبێت هەست و شعوری خەڵک بریندار بکات بە گێڕانی ئاهەنگی پڕ لە خرۆشی ملیۆنی، دووەم کەمتر بیانوو بدەنە دەست ئاردۆگان و سوپاکەی لە پۆلیس و دادگا و میدیا زەبەلاحەکانی سەبارەت بە داخستنی هەدەپە.

🔹دەرگایان لێدەگرن لە پەنجەرەوە دێنەوە

پارتی دیموکراتی گەلان/هەدەپە بە ئەگەری زۆر دادەخرێت، کوردانی تورکیا زیرەکانی هەر لە ڕێوە پارتێکی نوێیان بەناوی پارتی سەوزی چەپ YSP وەک بەدیل و  یەدەکی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکان سەرڕێ خست. هەدەپە دابخرێت یان نا کورد لەتورکیا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز دەچێتە هەڵبژاردنەکانەوە. لە نوێترین لێدوانیشیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تویتەر ڕایگەیاند بەهەموو توانای خۆی پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز YSP دەکات و داوای لە هەوادارانی هەدەپە و پەڕەکەی خۆی لە تویتەر کرد کە لانی کەم سەد بەربژێر لە بەربژێرکراوانی پارتی چەپی سەوز YSP بنێرنە پارلەمان. هاوکات لەوەڵامدا ئاردۆگان پارتی YSP ی وەک باڵێکی سیاسی و درێژکراوەی ڕێکخراوی "تیرۆرستی" پە-کە-کە ناوزەد کرد و کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری سەرۆکایەتی هاوپەیمانی میللەت بەوە تۆمەتبار کرد کە چووەتە نێو یاری تیرۆرستەکانەوە و هەرگیز قەبوڵی ناکەن پرۆتیرۆرستێک ببێتە سەرۆککۆمار و ئەم ناتوانێت کلیلەکنی کۆشکی سەرۆکایەتی بداتە کەسێک کە لەگەڵ تیرۆرستان هاوپەیمانی دەبەستێت و چاوساغیانە بۆ دروستکردنی پارت و جوڵانەوەی نوێ بۆ ڕاکردن لە بڕیاری دادگای دەستووری. ئاردۆگان بە ڕوونی گوتی هاوپەیمانییەکەی کڵچدارئۆغڵو پێنج قۆڵی نییە بەڵکو شەش قۆڵییە، قۆڵێک تیرۆرستانن و لەژێر مێزەکەدان، کەی پێۆیستی کرد دێنەوە سەر مێزەکە.

🔹سوپرایزی حەسەن جەمال وەک بەربژێری YSP

یەکێک لە سوپرایزەکانی YSP بەربژێرکردنی ڕۆژنامەنووسی دیموکرات و ئازادیخوازی تورک حەسەن جەمال بوو بۆ پەرلەمانی تورکیا. حەسەن جەمال نێوان ساڵانی 1982-1992 و بۆ ماوەی دەساڵ سەرنووسەری ڕۆژنامەی جمهورییەت و ماوەی زیاتر لە شەش ساڵیش سەرنووسەری ڕۆژنامەس سەباح بووە، دواتر بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی میللییەت. 
لەسەردانێکیدا بۆ دوورگەی ئیمرالی بۆلای عەبدوڵا ئۆجالان و نووسینی ستونێک لەبارەی ئۆجالانەوە، کەوتە بەر قەهر و تووڕەیی ئاردۆگان. ڕۆژنامەکە نەیهێشت دیدارەکەی ئۆجالان بڵاو بڵاو بکاتەوە و بە فەمانی ئاردۆگان سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمەی وڵات کارەکانیشی وەک سەنووسەر و ستون نووس لە ڕۆژنامەکەدا هەڵپەسێردرا و دواتر دەرکرا. حەسەن جەمال نەوەی جەمال پاشایە، جەمال پاشا یەکێک بووە لەو سێ جەنەراڵەی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سوپای خیلافەتی عوسمانییان بەڕێوە بردووە. حەسەن جەمال یەکێکە لەو تورکانەی بەناوی بنەماڵەکەی خۆیانەوە داوای لێبووردنی لە گەلی ئەرمینیا کردووە و پێی وایە باپیری ئەم هۆکارێکی ئەو جینۆسایدەبووە کە بەسەر ئەرمەنییەکان هاتووە. چەند کتێب و بڵاوکراوەیەکی هەیە گرنترینیان کتێبی "کوردستان لە ڕۆژانی چارەسەیری ئاشیدا" یە کە لەساڵی 2014 بڵاویکردەوە و باس لە قۆناغی چارەسەری ئاشتید گەلی کورد دەکات کە ئاردۆگان چەند ساڵێک پێشتر دەستی پێکردبوو. لە ئێستادا جەمال سەرنووسەری سایتی T24 ەو هەر لەو سایتەشدا هەفتانە ستوونە سیاسییەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە. لە ئێستادا حەسەن جەمال بەربژێری پارتی سەوزی چەپ "هەدەپە"یە بۆ گەیشتن بە پەرلەمانەکەی ئانکارا.