کاندیدی یەکێتیی ئەتوانێت ببێتە پارێزگاری کەرکوك؟!

هادی حەمە ڕەشید 

2023-12-23

کێشەیەکی گەورە لە ستراکچەری بینینی خەڵکدا هەیە بۆ پێشهاتە سیاسییەکان، (دەنگی کورد فەوتاوە، عەرەب ئەمانخوات و کەرکوکمان دۆڕاند...)

ئەوە ڕاستە کە چەقی ململانێکان کەرکوکە، لە نەینەوا، سەلاحەددین، دیالە، دەنگ و کورسیی لایەنە کوردییەکان بەگشتیی کەمی کردووە و سەرنجیشیان لەسەر نییە، بەڵام لە کەرکوك هەموو فوویەکی خۆیان کرد بە باڵۆنی قەومیدا و هێشتاش شیکارییەکان بەو ئاراستەدا ئەبەن، لە کاتێکدا لای هێزە سیاسییەکان(تایبەتتر پارتیی و یەکێتیی) پڕگماتیکی بەرخورد ئەکەن، پارتیی چەندین کاندیدی عەرەبی هەبوو و کەچی خەریکی قیژە قیژی قەومییشە، بە هەردووکیشیان لە بەرەبەندیی پێکهاتەکانیتردان و سەر و سەودای بەرژەوەندییەکانیان ئەکەن، کەچی ختووکەی هەستی قەومیی ئەم و ئەو ئەدەن و مناڵی خەڵکی چەواشە ئەکەن و لە ئێستاوە بە بوغز و کەراهیەت گۆشیان ئەکەن!

پاش هەڵبژاردن و ڕوو لە یەکتر، وردە وردە ئەم گوتارە لەپێئەکەن و موغازەلەی ئەوانیتر دەست پێئەکات!

ئەگەرچی بایکۆت و کەمیی بەشداریی هەڵبژاردن هەژموونی تەواوی بەسەر ئەم خولەدا دیار بوو، بەڵام لەو ڕێژەیەی بەشداریی، بەرەی ئێران بە گشتیی براوە بوون،
لیست و هاوپەیمانێتیی و کەسایەتییەك دەرنەچوون کە گرفت بێت لەبەردەم خواستەکانی ئێراندا.

بڕیاری هەڵبژاردن و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان و هەڵمەتی گەرم و گوڕی هەندێکیان و ئەنجامەکان، هاوکێشەیەکی تەواوکاریین، بێگومان ئەڵقەکانیتری زنجیرەکە بەدوای خۆیدا ئەهێنێت.

یەکێتیی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکدا، هاوشانی هاوپەیمانەکانی لە پارێزگاکانیتر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، سیناریۆی نزیك و لۆژیکیی ئەوەیە کە مادام یەکێتی پێنج کورسیی هێناوە و هێزەکانیتر کۆمەڵێك کورسیی پەرتەوازەیان بەدەستهێناوە، پاڵێوراوی یەکلایە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، بە تەوافوق لەگەڵ پێکهاتەکانیتر.
سەرباری هەر جۆرە دوورییەكی نێوان لایەنەکان، بەڵام مادام لە بنەڕەتدا ئاشەکە لە جێگایەیترەوە ئەگێڕرێت، ئاسان ئەبێت هێنانە سەر هێڵی هەموو ژمارەکانیتر.

بەتایبەت کە بەخێرایی لیستە جیاوازە شیعەکان دیسان(چوارچێوەی هەماهەنگیی)یان بۆ  پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکان پێکهێنا، هێزی سەردەست و براوەی سوونییش(تەقەدوم)ـی محەممەد حەلبوسییە کە ئەوەندە کەلێن و کەموکورتیی هەیە بە ئاسانیی بتوانن بیهێننە ژێر بار.

بۆیە پێدراوەکان وا ئەڵێن کە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوك بە هەژموونی یەکێتیی و بەرەکەی ئاسان بێت.