ساڵێکی ناخۆش و کارەساتاوی و پڕ قەیران !!

محمد خۆشناو

2023-12-30

 لەڕاستیدا بۆنەکانی سەری ساڵ و ڤالانتایین و ئەو جۆرە بۆنانە ، بۆنەی هاورەدەکراون و ، هەتا ساڵی نەوەدەکانیش وەک کۆمەڵگا ئەو بۆنانە بوونیان نەبوو ، جا لەبەر ئەوەی کورد زاکیرە و هۆشیاری لاوازە و تووشی ئیلزەهایمەر بووە دەرس و پەند لە هیچ وەرناگرێت و بۆ ڕابرووش هیچی لەبیر نەماوە و ، ناشزانێت  چۆن یادەکان بکاتەوە لەوانە یادی سەری ساڵ ،  ئازیزان : تۆ ئەوە ساڵێک لەتەمەنت دەڕوات  ! ئەو هەموو هەراوهۆریا  و سەما و گۆرانیەت لەچیە؟! خۆزگە بتوانیبا  لاساییەکی فۆتۆکۆپیانەی یادی سەری ساڵی خۆرئاوا و وڵاتە پێشکەوتنەکانتان بکردایەوە !! وەرە ڕۆژی دوای یادی سەری ساڵ بڕۆ بازاڕ لەبەر قووتی بیرە و بیبسی و کێک و خواردن و چەرەزات ناتوانیت بڕۆی و دەبێت شارەوانی دەیان تۆن زبڵ و خاشاک هەڵگرێتەوە ! خۆزگە یادکردنەوەکە دەبۆوە بۆنەیەک بۆ بەخۆداچوونە ، کە هەرگیز کورد بیریشی لێناکاتەوە ! لەڕاستیدا ساڵی 2023 ساڵێکی پڕ لە کارەساتی بوومەلەرزە و لافاو و ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و باڵەخانە و زریان و جەنگ و قەیران بوو ، بۆ هەرێمی کوردستانیش ساڵێکی قورس بوو بۆ خەڵکەکەی لەبەر خەراپی بژێوی و نەبوونی بازاڕ و ، بێکاری کەوتە ناو ماڵان و ، ئەمە جگە لە فراوانبوونی لێکترازانی نێوان حزبەکان لەگەڵ یەکتری و هاوڵاتیش لەگەڵ ئەوان کە متمانەیان نەماوە  ، بەداخەوە ئێمە لەکاتێکدا بەروە بیستەی سەدەی « 21» دەڕۆین کە زاست گەیشتۆتە لووتکە و بۆتە «بڕۆمیسۆس»ی سەردەم ، ئەو بڕۆمیسۆسە ئەفسانەیەی گریکەکان کە کەوتەبەر خۆشەویستی مرۆڤ و ، هەوڵیدا  بەختەوەریان بکات و ، ئاگری لە خوداوەند دز و دایە مرۆڤ تا ڕێگای خۆیان پێڕووناک بکەنەوە ، کەچی لەو سەدەی بیست و یەکەدا ، بەداخەوە زۆربەی سەرکردەکانمان و خەڵکی کوردستانیش بە عەقلیەتی شەستەکان مامڵە دەکەن و هەر خەریکی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و ململانێیەکی سەفسەتاین ، بێئاگان لەوەی کە ترس و نیگەرانیەکی گەورە لە ئاسۆدا بەدیارکەوتووە ،  لە جەنگی غەززەدا کە دەرگای جەنگێکی تر بکاتەوە ، وا دەنگی تەپڵی جەنگێک بە گەورەیی دەێت و ، ئەگەر وڵاتێکی خێرخواز بەهانا نەیەت  ، ئیسرائیل دایناوە بیروت وەک غەززە لێبکات گڵبەی ئاگرەکە بگاتە سوریا و یەمەن و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە .
ساڵێک دەڕوات و ساڵێکی تر دەستپێدەکات، ئەو زەویە هەر زەویە و ، ئەو خۆرەش هەر خۆرە شتێکی نوێ نیە ، تەنها لە ئاستی لێهاتوویی نەبێت ! لێهاتویی خاپوورکردن  و درۆیە ئاشکراکان و گاڵتەجاڕیە بێئەدەبەکان و ، هونەریکردن لە شەیتانیی و لووتبەرزی خوود کە سەیری گەل دەکەن لەکن ئەوان گەل لە ئاستی ئەوان نین ، « هیچ شتێکی نوێ لەژێر خۆردا نیە » تەنها ئەگەر بێت و ڕۆژێک دابێت هەق و دادپەروەری سەربکەوێت ، مادامەکی سەبر و خۆڕاگری و پێداگری و باوەڕبوون بە هەق هەیە