بۆچی سەرتان لە قوڕ نەگرت؟!

هادی حەمە ڕەشید 

2024-01-19

تێگەیشتن لە زۆربەی چەمکەکان لەت و پەت ناکرێت، هەمووان ئەزانن(دادپەروەریی) بەهایەکی گەردوونییە، بەڵام زۆربەی کاتێك پەنای بۆ ئەبات کە مافی خوراوە، کاتێك کە ئەو مافی ئەوانیتری خواردووە، ئەوەی لەبیری نەبێت دادپەروەرییە!

ئەمە پارچە پارچەکردنی بەهاکەیە، تۆ کاتێك کە بەکەڵکت دێت بۆی ئەگەڕێیتەوە، تۆ بوونت لەسەر بناغەی خواردنی مافی ئەوانیتر بونیاد نراوە، دڕندەیی تۆ تا ناو ماڵباتەکەی خۆت پەلیکێشاوە، ئێستا کە سەرە گەیشتە سەر خۆت، ئەم ناڵە و ڕۆڕۆیەت لەچی؟!

تۆ هێشتا سەرەتای کاری سیاسییت بوو، کوڕ و ئامۆزاکانی خۆتت دەرپەڕاند بۆ ناو ڕژێمی بەعس، چۆن بزانم ئێستا بەجدییتە ستەملێکراویت؟!

هەستئەکەم خەریکە بەتەواویی دابڕان(فاصل)ێکی بەرین ئەکەوێتە نێوان دوو دنیابینییەوە کە لە کوردستاندا هەیە؛

۱ـ دنیابینیی(کلاسیکیی_باو) یان گوتاری بەرقەراری حەفتا ساڵەی سیاسەت، کە بریتییە لە سیاسەتکردن وەك ئەکتێکی ئۆلیگارشییانە (بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن کەمیینەیەکی بەرژەوەندییخوازەوە) لەم بارەدا زۆریینە بینەرێکی بێ کاریگەرن، هەڵەی ئەو کەمیینە مۆنۆپۆڵیستە بە(ستەمکاریی ئەویتر)  پاساو ئەداتەوە و پەردەپۆشی ئەکات!

نکولیی ناکرێت کە ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، دەوڵەتی نادیموکراتیی و ستەمکار و لە وردینەی ئیدارەشیاندا گەندەڵ و کۆمەڵە خێزانێك دەستیان بەسەر جومگەکانیدا کێشاوە، بەڵام ئەوەش نکولی نەکراوە کە چارەسەری هێزە سیاسیە کوردییەکانییش هەمیشە ئەو دیدە باوە بووە کە شێلراوە بە دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتیی و ناودەوڵەتییەکانەوە، کە دواجار لەو نێوەندەدا و لە جەرەیان و پێشهاتی پڕ لە دەرگیری بەرژەوەندییەکاندا، کراوە بە سەربازی پێشەوەی سەر ڕووی شەترەنجەکە و بەردەوام کراوە بە قوربانی فیل و قەڵا و ئەسپ و وەزیر و پاشا، دواتر بەر لە هەر کەسێك بۆ خۆی دێتەوە و خۆی بێبەریی ئەکات لەو لینکەی کە لە نێوان خۆی و دەزگا هەواڵگرییەکاندا هەیە!

۲ـ دنیابینیی نوێ بۆ مێژوو و ئێستا و ئایندەی کوردستان، ئەم گوتارە کە ئەتوانین بڵێین دیدی زۆرینەیە، بەڵام زۆرینەیەکی شەرمن و ترساون، ئەم نەوەیە چونکە لەسەردەمی داتا و زانیارییەکاندا ئەژین، لەسەردەمی جۆرەها تەکنیکی دیجیتاڵییدان، ئەتوانن زانیاریی و لێدوان و ڤیدیۆکان مۆنتاژ بکەن، لە ساتێکی کەمدا چەند پارچە گرتەی ڤیدیۆییت لەیەك کلیپدا بۆ کۆبکەنەوە و پێت بڵێن: کەی وابوو؟! ئەمە تۆ نیت؟!
یان هەر جۆرە دەربڕینێکیتر کە بووە بە باو لە سۆشیالمیدیادا.

لەمڕۆماندا تۆ ناتوانیت تا سەر پاڵەوانبازیی بکەیت، چەواشەکاریی بکەیت، دروشمی قەبەی ئاینیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆیی ڕیز بکەیت، بەخێرایی ئەبیت بە مەزەی مەجلیسی گرووپ و چاتەکان!

تۆ مێشکی دەستەجەمعیی کۆمەڵگات بردووە بە باسیی خود ئەڤینانەی نەتەوەیی و کەچی کچێکت داوە بە تورکمان و لەو بچوکتریش بە عەرەب، ئێ ئەمەت بۆ هەڵئەگرن و بڕوات پێناکەن، بگرە پێ بە پێ تێئەگەن خاڵی خۆی کە لە ئەڵمانیا ئەژی، هاوژینەکەی پۆڵەندییە، ئامۆزایەکی خێزانەکەی ڕۆمانییە، مامێکی دیسان هاوژینەکەی ئینگلیزێکی خانەدانی بەریتانییە، ئەبینێت ئەفریقییەك ئەبێت بە سەرۆکی گەورەترین وڵاتی زلهێزی دنیا، تورکێك بە سەرۆکوەزرانی بەریتانیا عوزما، ئازەرییەك بە ڕابەری ئێران، کوردێك بە سەرۆك کۆماری تورکیای کەمالیی لە پەنجاکاندا...بۆچی نابێت لەو عێراقەی کە سەرۆکی(ڕۆحیی کورد) تیادا خانەنشینیی باڵای چەند سەد ملیۆن دیناری بۆ کرابێت و وڵاتی گەلانی نیشتەجێیەتی، بۆچی ئەبێت ئەم جۆرە لە هاوسەرگیریی تیادا نەبێت؟!

ئەویتر نیوە مردووی کردووین بە باسی حۆریی و غیلمانی بەهەشتەوە، کەچی خۆی هەر لەم دنیا لەسەر حسابی بەیتولمال(سەرمایەی گشتیی) نیمچە فیردەوسێکی ئەعلای بۆ خۆی دروستکردووە!

کابرا چەپ بووە، خەباتی چینایەتی کردووە، ڕۆژگارێك جیڤارای وەك شاگرد ڕانەگرتووە، ئێستا گرووپی کۆمپانیا و بیزنسی ملیارد دۆلاریی هەیە!

ئێ ئەم نەوەیە ئامادەیە تاقێكی ئێوارە کاتی خۆی خەرج بکات تا ڤیدیۆیەکی دوو ساڵ لەمەوبەرت بدۆزێتەوە و لەگەڵ لێدوانەکەی ئەمڕۆت مۆنتاژی بکات و ناو بەناو کۆمێنتێکی چەند چرکەیی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵات بۆ تێکهەڵکێش بکات،  ئێستا ناتوانێت لێدوانی مانگێك لەمەوبەری یەك بە یەکتان لە یادی چوار ساڵەی قاسمی سولەیمانییدا بهێنێت و بڵێت: ئێوە ئەوەندە دۆست و ماڵ لەیەکن، بە ئێمە چیی گریان و کڕوزانەوە و خۆمشەوەش کردن بۆ موشەکباران و درۆنی ناگەهان؟!

ئەم نەوەیە خەتمی هەموو شتێکمان کردووە، ئەزانین کە پارەی ناو پاس، کۆ ئەکرایەوە دەست بە دەست ئەگەیشت،
ئەوەی پارەکەی ئەدزی، لەهەمووی زیاتر هاواری ئەکرد!
ئەوەی کە خۆی ناپاکە زۆر باسی نیشتیمانپەروەریی ئەکات، ئەوەی کە خۆی دزە دەمی پڕە لە باسی گەندەڵیی، ئەوەی کە ئاینی کردووە بە بەردەباز بۆ گەیشتن بە حەز و شەهوەتبازیی، خەڵکی پێ کافر و موشریك و فاسق و فاجیرە!

ئەزانین کە چیرۆكی ئازایەتی (ڕێوی)یەكان
هەمیشە لەگەڵ مریشك دا بووە.!

ئەمانەمان هەمووی ئەزانی، بەڵام چاوپۆشییمان کرد و لەگەڵ دیدی نەوەی یەکەمدا کۆك و تەبا بووین، ووتمان ئەم(قەوارە)یە مانەوەی لە بەرژەوەندیی هەموومانە، هەر ئەو ڕۆژەی ئەمەمان ئەووت، ئەوان لە پاداشتیدا دڵیان شکاندین، خراپترین هەڵبژاردنیان بەڕێوەبرد، ئێمە خەریك بوو فریوی وتەزاکەی (بێشکچیی)مان ئەخوار(خراپترین کورد، لەباشترین تورك و فارس و عەرەب باشترە!) ئەو ڕۆژەش دڵیان شکاندین خراپترین کادیر و کارەکتەرەکانیان خستە بواری بەڕێوەبردنەوە!

ئەو ساتانەی کە دیاردەیەکی شۆڤێنییمان لە عەرەبێ ئەبینی و خوێنی نەتەوەیی ئەتێزایەوە ناو دەمارەکانمان، دیسان دڵیان شکاندین، هاتن هەموو داهات و موقەدەراتی ئەم وڵاتەیان بردبۆ خۆیان!

بە هەر چوار قوڕنەی ئەو دیو سنووری هەرێمدا پارە بە بندیوار و مورتەزەقە ئەدەن، جگە لە موچەخۆرە ڕاستەقیینەکەی خۆمان کە قوتیان بڕیوون!

دەیان هەزار موچەخۆری بن دیوار لە کوردستانی ئێران موچەی ملیۆن و چەند ملیۆنی وەرئەگرن و لەکاتی تەنگانەدا ئەیانهێننەوە بۆ ساختەکاریی، ئەوەندەیتر و زیاتریش لە کوردستانی تورکیا، لە کوردستانی سوریا خراپتر، چونکە هێزێکی تەییارکراوی دە هەزار سەربازیی بە ناوی سوپای ڕۆژ بە موچەی قەبە و جلوبەرگ و خۆراك و ئۆتۆمبێل و شوێن و نەسریە و هەواڵگریی و ئیمتیازاتەوە، بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ڕیزی کوردانی سوریا، دڵشکاومان ئەکات، ڕق ئەستوورمان ئەکات لە هەموو دروشم و بانگەشەیەك!

سەیری ئەو هەموو دڵە شکاوە!
ئەو مرۆڤە خۆشنوودەی ناو ناخمانتان چۆن هاڕی! 
چۆن خەونی تاکی کوردتان بچووك کردەوە بۆ دوو فلسی مووچە؟!

تاوانی گەورەیە کە تا ئێستاش کەسانێک مابن بە پێودانگی ئەو نەوە موخەزرەمە لە گرفت و ئاریشەکانی دنیای ئێمە بڕوانن!
تاوان و لادان و ناپاکییە ناوخۆییەکان، بە عەللاگەی دڕندەیی دەرەوەدا هەڵواسن!

کەمینەیەکی خۆسەپێن جرت و فرت بکەن لە ناو هێڵ و بلۆکبەندییە هەواڵگرییەکان و تۆیش هەر بە ئەدەبیاتی ئەو نەوەیە سروودی(هەر کوردین و هەر کورد ئەبین) بخەیتە ستۆریی و پۆستی سۆشیالمیدیاوە!

سەد و بیست ڕۆژ مامۆستا و فەرمانبەران هاوار بکەن، تۆ جگە لە چەواشەکاریی، وەڵامیان نەدەیتەوە، وا پانزە ساڵە و دەرچوویەکی بێشومارت خانەنشین کردووە و لە بێکارییدا تووشی سەدان لادان بوون، ئەتەوێت بە نیشاندانی باڵەخانەیەکی بە پارەی گشتیی دروستکراوی بۆ بەرژەوەندی تاکەکەس براو، دەست بکەینەوە بە خۆڕنینەوە و سەربالۆرەگرتن وەک ئەو نەوەیەی کە جگە لەو ئەدەبیاتە لەم سەردەمی پەیوەندییە ئاڵۆزەدا هیچ فێر نەبوون و هەر سەر بکێشین بە دیواری قەومییەتدا؟!

کاتی ئەوەیە کە دابڕانێکی ڕاستەقیینە دروست بکەین، ئەم دوو گوتارە هیچ سەر و سەودایەکیان پێکەوە نییە، گوتاری یەکەم لە کۆڵانەکانی (تونی بابا)دا ئەسوڕێتەوە، لە بنەڕەتدا ڕێگای هاتنەدەرەوەی ون کردووە، بەزۆریی کۆمەڵێک خاوەن بەرژەوەندیی لە خانەنشینانی پلە باڵا و کۆمەڵێک ئەکادیمیستی ناو تیمەکانی بارەگای بارزانیی و سەرۆکوەزیرانی هەرێم و جێگرەکەی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆمارەکان و زۆرینەی ئەندامان مەکتەبی سیاسیی حیزبەکانن، کە خەریکی(گەنم) بە (ترێ)ـن!

گوتاری دووەمیش ڕاستە گوتارێکی بێ (سەر)و (ڕابەرایەتیی)ـە، بەڵام ڕوونە، پێیوایە سووڕانەوە لە بازنەی بەتاڵی ئەو ڕەوتەی کە لە ئەدەبیاتی(ژێکاف)دا گێرە ئەکەن، لێیدەرئەچن و خێرا بۆی ئەگەڕێنەوە، هەر ئەمە دەرئەنجامەکەیەتی کە ئەوەی بووە بە(دەرد) لە ئێمە، هەر خۆمان وەك(دەرمان) پێشنیاری ئەکەینەوە بۆ چارەسەر!

وەك ئەوەی کە ئێمە چەند وەڕەسین لەم دەسەڵاتە، لە پێچێکی مێژوودا لەلایەن (دۆستەکانیان)ـەوە دەستدرێژیی ئەکرێتە سەریان، بابای هەڵگری گوتاری یەکەم دێت و ئەڵێت: ئەوە بۆچی وەك من خۆت ناخەیتە قوڕ بۆ بەڕێز هەڤاڵی هێژا کاك ستەمکاری ئازیز؟!!